سندوقی گەشەپێدانی عێراق: کار بۆ هێنانەناوەوەی وەبەرهێنەری بیانی لە کەرتی ئابووریدا دەکەین
سندوقی گەشەپێدانی عێراق رایگەیاند، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پەیوەست بە خۆجێیکردنی پیشەسازییەکان و هێنانە ناوەوەی وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی ئابووریدا.
پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەوەی وڵاتانی بەشداربووی کۆمەڵەی ئۆپیک پڵەس رایانگەیاند، گۆڕانکاری لە راپۆرتی مانگانە و ساڵانەدا دەکەن و بەبێ ئاماژەدان بۆ رێژەی خواستی جیهان، ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٨٣ دۆلار و ٢٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ١٢ کاتژمێردا لە جەند ناوچەیەکی هەرێم باران باریوە و لەناو ئەو ناوچانەدا لە مێرگەسۆر بەبڕی ٥.٢ ملم زۆرترین باران باریوە و لە زاخۆش کەمترین بڕی باران باریوە کە بەشێوەی دڵۆپ دڵۆپ بووە.
بەپێی راپۆرتێکی "زە ئینفۆرمەیشن"، پێدەچێت نرخی ئەم ئایفۆنە باریکە زیاتر بێت لە وەشانی پرۆ ماکس کە لە ١٢٠٠دۆلارەوە دەستپێدەکات.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی گەیشتووە، هەناردەکردنی غاز و نەفتاو لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیران. قائیمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر کێڵگەکە.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، پێشبینی دەکرێت ئەم مانگە کۆتا مانگ بووبێت بۆ دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەوپێیەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڕیاری داوە بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، رۆژی ٢٨ـی حوزەیرانی ئەمساڵیان دیاری کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هاوخەمی ئێرانن لە گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.
پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەی بڵاوی کردەوە و تێیدا دەنگدان بۆ سێ مادە دەکرێت لەنێویاندا هەمواری دووەمی یاسای کۆمسیۆن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ دوو مادە و خوێندنەوەی دووەم بۆ یەک مادەی دیکە دەکرێت، بەپێی کارنامەکە هیچ مادەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەماندا نیە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە رایگەیاند، لە ئاکامی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیلدا بۆسەر کەرتی غەززە کە ماوەی ٢٢٧ ڕۆژە بەردەوامن، ٣٥ ھەزار و ٥٦٢ کەس کوژراون و ٧٩ ھەزار و ٦٥٢ی دیکەش برینداربوون.
لقی کەرکوکی کۆمپانیای بازرگانی گشتی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، دەستەی سایلۆی ریاز لە کەرکوک دەستی کردووە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە ناوچەی حەویجە و ریاز و ناوچەکانی دەوروبەریان و لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە ٢٠ هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیارانی کەرکوک وەرگرتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە هەزار و ٢٩٢ رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران و رووداوی دیکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و بەهۆی ئەو رووداوانەشەوە ٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.
یلینا سۆلۆماتینا پسپۆڕی خۆراکی روسی رایگەیاند، بەساڵاچووان نابێت زۆر میوە بخۆن چونکە ئەمە کێشەی تەندروستی دروست دەکات لەوانە قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای نەوتی ناوەندی لەگەڵ کۆمپانیای جێرای چینی و "پێترۆ عێراق" گرێبەستێکی نوێی بە مەبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی غازی مەنسووریە لە پارێزگای دیالە واژۆ کردووە. دەشڵێت، "ئامانجی گرێبەستەکە گەیشتنە بە بەرهەمهێنانی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانە لە کێڵگەکەدا".
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بتڵێکی دیکەی کلۆر لە پڕۆژەی ئاوی شارەکە توشی لێچوونی غاز بووە و لە هەوڵی چاککردنەوەیدان.
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان تەواو کراوە و نێردراوە بۆ وەزیری دارایی عێراق. دەشڵێت، "چاوەڕوانی وەزیری دارایی عێراقین واژۆ لەسەر ناردنی پارەی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکان بکات".
سەرۆک کۆماری ئێران و سەرجەم سەرنشینانی ئەو هێلیکۆپتەرەی دوێنێ یەکشەممە لە ناوچەی دارستانی دیزمار کەوتە خوارەوە، گیانیان لەدەستدا. بەوەش، سەرۆک کۆماری ئێران بووە ١٥ـیەم سەرۆک لە ساڵی ١٩٤٠ـەوە، بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە گیانی لەدەستدابێت.
بانکی ناوەندیی عێراق رێژەی فرۆشی دۆلاری بۆ ئەمڕۆ بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بە تێکڕا زیاتر لە ٢٧٣ ملیۆن دۆلاری بە بانک و بازرگانەکان فرۆشتووە. لە ئێستاشدا لە بازاڕەکانی هەرێم، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و ٥٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، راگەیاندنی پێنج رۆژ ماتەمینی بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاتوچۆی خاڵەسنوورییەکان و جموجوڵی بازرگانی لەنێوان هەرێم و ئێران نییە و هاوشێوەی رۆژانی دیکە کارەکان بەردەوامن.
ئیبراهیم رەئیس ساداتی ناسراو بە ئیبراهیم رەئیسی، ئەو سەرۆککۆمارەی ئێران کە دوێنێ لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا گیانی لەدەستدا.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان و هەرێم بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستادا ئەو کانزا زەردە لە بازاڕەکانی جیهاندا بە دوو هەزار و ٤٤٢ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، هاوکات لە بازاڕەکانی هەرێم بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە هەر مسقاڵێک پێنج هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کچێک لەلایەن باوکییەوە کوژراوە و لە ئێستاشدا باوکەکە دەستگیر کراوە.
کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ و سبەی شەپۆلێکی تاوەباران و هەورەبروسکە روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و لە کات و شوێنی دابارین مەودای بینین بۆ نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەم دەبێتەوە.
وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای گۆڕانکارییەکانی دەستووری ئێران رایگەیاندووە، دوای رەزامەندی رێبەری باڵای ئیسلامی ئێران، جێگرەکەی ئەرکی سەرۆکایەتی کۆمار دەگرێتە ئەستۆ و دەستبەکار دەبێت.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە سەنتەرێکی جوانکاری لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر ئاگر کەوتووەتەوە و تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
بەپێی دواین ئاماری کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ساڵى ٢٠٢٣، لە کۆی ٩٨ وڵات کە کاڵا و شتومەک هەناردەی دەرەوە دەکەن، چین گەورەترین هەناردەکاری جیهان بووە بە بەهای سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دۆلار، زۆرترین کاڵای هەناردەکراویشی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بووە.
دوای ئەوەی حکومەتی ئێران بە فەرمی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە و وەزیری دەرەوە و تیمەکەی راگەیاند، دەستیان بە کۆبوونەوەی نائاسایی کرد.
دوای ئەوەی وڵاتانی بەشداربووی کۆمەڵەی ئۆپیک پڵەس رایانگەیاند، گۆڕانکاری لە راپۆرتی مانگانە و ساڵانەدا دەکەن و بەبێ ئاماژەدان بۆ رێژەی خواستی جیهان نرخی نەوت جارێکی دیکە دەستی بەبەرزبوونەوە کرد، لە ئێستاشدا نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەتەوە و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٨٤ دۆلار و ١١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و سەرجەم سەرنشینانی ئەو هێلیکۆپتەرەی دوێنێ یەکشەممە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا کەوتە خوارەوە، گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە وەستاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەی گشتی خوێندنی ناوەندی لە کاتژمێر شەشی بایەنییەوە تاوەکو کاتژمێر هەشتی بەیانی.