لیستی مووچەی مانگی چوار راگەیەنرا
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، رازی نابن بە حکومڕانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەدوای کۆتاییهاتنی حەماس لە ناوچەکە. وتیشی، داوای کردووە دەستەیەکی جێگرەوە لە جێی حەماس دیاری بکرێت بۆ حکومڕانیکردنی غەززە لەدوای کۆتاییهاتن بە شەڕ.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی بارانبارینی ئەم وەرزەدا یەدەگی ئاوی عێراق بۆ سێ ئەوەندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە. دەشڵێت، ئاوی خواردنەوە لە عێراق بە رێژەی ١٠٠٪ پاک و تەندروستە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی نیسانی بڵاو کردەوە و بەپێی لیستەکە سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان پێدەدرێت جگە لە ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش لەگەڵ هێزی زێرەڤانی، هێزی بەرگری و فریاکەوتن، یەکەی ٧٠ و یەکەی ٨٠ و پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان.
توێژینەوەیەکی گەورە کە لەسەر بنەمای راپرسییەکی جیهانی گالۆپ کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ١٦٨ وڵاتی جیهان ئەنجامدرا، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە زیادبوونی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت پەیوەندی بە باشتربوونی خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی نیسانی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەمڕۆ چوارشەممە، خانەنشینانی شارستانی و خانەنشینانی پێشمەرگە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستیی تایبەت و زیندانیە سیاسییەکان مووچەیان پێ دەدرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی ٤٤٣ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لە ناوچەی سێمێل دەستگیر کراون و دەست بەسەر بڕی ٥١ کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
میدیاکانی سلۆڤاکیا بڵاویان کردەوە، لە دوای کۆبوونەوەیەکی حکومی لە شارێکی نزیک پایتەختی سلۆڤاکیا، لەلایەن کەسێکەوە تەقە لە سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا کرا و بریندار کرا.
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەئامادەبونی شاندی هەریمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەڕێوەچوو، دەشڵێت، " لەگەڵ عێراق لەسەر میکانیزمەکانی رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتین".
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەی بەندەری فاو پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لە ساڵی داهاتوودا پڕۆژەکە تەواو دەبێت.
دوای ئەوەی دوێنی سێشەممە سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا لەبارەی هەڵاوسانی ئەمریکاوە لێدوانیدا نرخی زێر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا یەک ئۆنسە لەو کانزا زەردە بە دوو هەزار و ٣٦٥ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە بازاڕەکانی هەرێم، مسقاڵێک زێڕ چوار و بۆ پێنج هەزار دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەهۆی رێگریکردن لە دوورینەوەی بەرهەمەکانیان، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە دانیشتوانی گوندی پەڵکانە بەردەوامن لە گردبوونەوە. بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکەش بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، عەرەبی هاوردە ماوەی چەند هەفتەیەکە کێشەیان بۆ دروست دەکەن و شەوی رابردووش داوای ٣٥ خانوویان لە کوردەکان کردووە.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی وەرگەڕانی مینی پاسەکەی دوێنێی سنووری گەرمیان کە تیایدا چوار خوێندکار گیانیان لەدەستدا، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت. وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت، "شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی تۆمەتبارە بە هۆکاری رووداوەکە دەستگیر کراوە".
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارای عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەبانکیکردنی مووچە بۆ بەژداریکردنی هەژماری من و بانکە حکومییەکانی عێراق نەکراوە و ئەگەر کێشەکانیان بەم جۆرە بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت، ئەوا گرفتی مووچە سەرهەڵدەداتەوە. دەشڵێت، " بەغدا سوورە لەسەر بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە".
بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردەوە، بۆ ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٧٧ ملیۆن دۆلاریان فرۆشتووە. لە ئێستاشدا لە بازاڕەکانی دراو لە هەرێم، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی زمانی کوردی بەرامبەرە لەگەڵ ١٥ـی ئایاری هەموو ساڵێک، هەر لەم رۆژەدا لە ساڵی ١٩٣٢، یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ھاوار بە دەستی جەلادەت عالی بەدرخان لە شاری دیمەشق پایتەختی سووریا بڵاو کرایەوە، دواتر پێشنیاز کرا ئەو رۆژە وەک رۆژی زمانی کوردی دەستنیشان بکرێت، لە ئێستاشدا، رۆژی ١٥ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی زمانی کوردی دەناسرێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕوانی ناردنی پارەی دیکەن لە بەغداوە، تا دەست بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی دیکە بکەن.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، شۆفێرانی بارهەڵگر لە سەر رێگەی سەرەکی سلێمانی – بازیان گردبوونەوە، شۆفێرانی بارهەڵگریش باس لەوە دەکەن کە گیروگرفتێکی زۆریان بۆ دروستبووە لە بازگەکانی کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و بەهۆی نەبوون و کەمی سۆنەرەوە کێشە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان دروست بووە.
بە تەنها لە چوار مانگی رابردوودا، هەرێم پێنج ترلیۆن و ٤٦٨ ملیار دیناری دەستکەوتووە، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا بۆ مووچە پێویستی بە سێ ترلیۆن و ٧٩٦ ملیار بووە، بەمەش بەو پارەیەی لەبەردەستی ماوە دەیتوانی مووچەی دوو مانگی تر دابەشبکات.
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە سێ گوژمە ١٦٨ ملیار دیناریان بۆ نێردراوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، کەمێک پێش ئێستا دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامانی هەرێم کرا.
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەراورد بە دوێنێ کەمێک دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٨٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
سەرۆکی دەستەی گشتی گومرکەکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە رێژەی ٢٨٪ داهاتی گومرکەکان زیادی کردووە و چاوەڕوان دەکەن لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو داهاتی گومرکەکان بەڕێژەی ١٠٠٪ زیاد بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، نزیکەی ١٦٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر هەمواری خشتەکانی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە کاتی هەمواری یاساکە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، شاندی هەرێم گەیشتە بەغدا.
جێگری وتەبێژی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل ی لە ناوچەی رەفەح و دەروبەری بە ترسناک باس کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەرکوک رایگەیاند، هاوڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە، بەهۆی پچڕانی کارەبای وێستگەکانی ئاودێری تەواوی پڕۆژەکانی ئاو وەستاوە و داوا دەکەن هاوڵاتییان بەکارهێنانی ئاو کەم بکەنەوە، تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی ئەو رووداوی هاتووچۆیەی کە ئەمڕۆ لەسەر رێگای کفری – کەلار روویدا و تێیدا چوار خوێندکار گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون، بڕیاریاندا سێ رۆژ ماتەمینی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان رابگەیەنن.
شارەزایەک هۆشداری دەدات لە کارپێکردنی پانکە بەدرێژایی شەو بەهۆی هەندێک مەترسی تەندروستی کە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەو کارەدا بێتە ئاراوە.
چاوگێک لە بنکەی پۆلیسی قەرەهەنجیر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەدوای ١٥ رۆژ لە دەرچوونی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە ماڵ و دیار نەمانی، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە گوندی هەیبە دۆزراوەتەوە. دەشڵێت، "بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسە ماوەیەکی زۆر لەپێش کوژراوە".